خۆشی

خۆشی
سایتێکی تاکە کەسی سەربەخۆیە.

Tuesday, September 11, 2012

چەند كەس لەبازاڕ بن ئەوەندە ئۆتۆمبێلەش لەبازاڕ هەن



خۆشی نەوزاد و شادی عوسمان

لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو پلەی گەرما بەرزترین ئاستی خۆی تۆماركرد، كە 46 پلە بوو، سۆران محەمەد سەرقاڵی رێكخستن و بەڕێكردنی ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلە زۆرە بوو، كە هاتبوونە ناوەڕاستی بازاڕی هەولێر، بەقسەكانیدا وا دەردەكەوێت زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل لەسنوری كاركردنی ئەوان تەواو ماندووی كردبێت.

ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەو رێژە زۆرە ئۆتۆمبێلەی كە لەناو شاردا هەیەو رۆژانەش بەبەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێل روو لەزیادبوونە،

بەمەش ئەركی كارمەندی هاتوچۆ قورستر دەبێت.
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی، ئێستا خەڵك كەمتر بەپاس و زیاتر بەئۆتۆمبیلی خۆیان دەچنە بازاڕ، بەمەش قەرەبالغیەكی زۆر جەنجاڵیەكی زۆر لەنێو بازاڕ دروست بووە. سۆران محەمەد كە كارمەندێكی هاتوچۆیەو سنوری كاركردنی ئەو ناو بازاڕی هەولێرە، گوتی “ئەگەر خەڵك بۆ شوێنە نزیكەكان بەپاس هاتوچۆ بكەن، ئەوا هەم قەرەباڵغی كەم دەبێتەوەو هەم رووداوی هاتوچۆش كەمتر دەبێت”.
موئەیەد سابر كە پیشەی بەرگدوورییە لەناو بازاڕی هەولێر گوتی “بۆ هەموو شوێنێك بەئۆتۆمبێلی خۆم هاتوچۆدەكەم، بەپاس هاتوچۆ ناكەم، چونكە زۆربەی پاسەكان تەبریدیان نییەو شوفێری پاسەكان خەڵكی زۆر سەردەخەن. بەمەش قەرەبالغی لەناو پاسەكان دروست دەبێت”.
بەپێی ئامارێكی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر (٤٠٤١٠٩) ئۆتۆمبێل لەشاری هەولێر بوونی هەیە، كە (٢٥٥٠٦٣) ئۆتۆمبێلی تایبەت و (٢٧٧٨٩) ئۆتۆمبێلی كرێ، (١٠٧٧٩٣) ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ژمارەی ئۆتۆمبێلە كشتوكالیەكانیش (٢٦٩٢) ئۆتۆمبێلە. هەروەها ئۆتۆمبێلی بیناسازی ژمارەیان (٤٣٤٩)ە. جگە لەوەش ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لەدەرەوەی هەرێم هاتوون (٤٤٨٤٢) ئۆتۆمبێلە.
گەیلان سدیق شۆفێری یەكێك لەپاسەكانی هێلی دارەتوو، بڕوای وایە، ئەگەر خەڵكی بەپاس هاتوچۆ بكەن، ئەوا قەرەبالغی كەمتر دەبێتەوە، ئەو گوتی “جاران ئیشمان باش بوو، خەڵكێكی زۆر بەپاس دەهاتنە بازاڕی هەولێر، بەڵام ئێستا بەهۆی باش بوونی گوزەرانی خەڵكەوە، هەموو كەس ئۆتۆمبێلی هەیەو زۆربەشیان بەئۆتۆمبێلی خۆیان دێنە بازاڕ”.
قەرەباڵغی و جەنجاڵی و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیلەكان تەنها شەقامەكانی ناو بازاڕی نەتەنیوە، بەڵكو بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلێك لەگەراجێكدا دەبێت زۆر خۆت ماندوو بكەیت، تا گەراجێكی چۆڵت دەست دەكەوێت، ئۆتۆمبێلەكەی تێدا جێگا دەكەیتەوە، هەڤاڵ عەلی خاوەنی گەراجی نیشتیمان گوتی “رۆژانە نزیكەی (٩٠٠) تا (١٠٠٠) ئۆتۆمبێل دێن بۆ گەراج، نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلیش (٢٠٠٠) دینارە لەبەیانی تاكو ئێوارە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دێن بۆ گەراجی نیشتیمان زۆربەی هی دووكاندارەكانن، كەمتر هی خەڵكی دیكەن”.
“ئەگەر هاتوچۆ زیاتر بەپاس بێت ئەوا ئەو پاڵەپەستۆیەی لەناو گەراجەكان هەیە، كەم دەبێتەوە”. سۆران عەبدولڕەحمان خاوەنی گەراجی ئاری وای گوت. لەگەراجەكەی سۆران رۆژانە نزیكەی (٤٥-٥٠) ئۆتۆمبێلی لێیە، نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلیش (١٥٠٠) دینارە.
هۆگر عزیز بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر، پێی وایە نەبوونی گواستنەوەیەكی گشتی لەشێوەی میترۆ لەكوردستان هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر بە ئۆتۆمبێلی خۆیان هاتووچۆبكەن، گوتی “ئەگەر ئەم گواستنەوە گشتییە هەبێت، ئەوا خەڵكی لەماڵەوە بە(٢٥٠)دینار دەچنە سەر كارەكانیان، ئەوكات هیچ پێویست ناكات كە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بچن بۆ ئەو شوێنەی كە مەبەستیانە”.
بەوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ئێستا كە مانگی رەمەزانە، لەئێواراندا قەرەباڵغیەكی زیاتر لەنێو بازاڕ دروست بووە، بۆ ئەوەش هاوڵاتیان بە بەرپرسیار دەزانێت “چونكە لەكاتی بەربانگ خەڵك روو لەبازاڕ دەكەن، بەمەش كێشە بۆ خۆیان و كارمەندانی هاتوچۆ دروست دەكەن”
...درێژە....

Sunday, March 4, 2012


کاتێک لەناو کۆلێژدا پیاسەم دەکرد بینیم قوتابیان زۆری سەرقاڵی پیاسەن، هەندێک لە کۆشک خەریکی خواردنن بەدەگمەن یەکێک ببینی خەریکی خوێندنەوە بێت!
چووم سەیری هۆڵی خوێدنەوەم کرد هەرچەندە شوێنەکەی بچوکە بەشی ئەو قوتابییە زۆرەی کۆلێژ ناکات، قوتابیەکان هەر یەکەو لاپتۆپێکیان لەبەردەم بو بەهۆڵی ئینتەرنێت دەچوو تا زیاتر هۆڵی خوێندنەوە...
قوتابیان کاتێک داوایان لێ دەکرێت بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت ئەمجا پەنا دەبەنە بەر خوێندنەوەی کتێب ڕەنگە خۆشم یەکێک بم لەوان
کاتێک چووم کتێبێک بێنم لە کتێبخانە وتەی کارمەندەکە سەرنجی ڕاکێشام
گوتی:بۆ ڕاپۆرتە  گوتم:بەڵێ  گوتی"قوتابیان تەنها بۆ ڕاپۆرت داوای خواستنی کتێب دەکەن" بۆخۆیان وبەرز کردنی ئاستی ڕۆشەنبیریان واناکەن ئەمە بۆتە دیاردە نەک بەتەنها لە کۆلێژەکەمان بەڵکو کۆلێژەکانی تریش بەهەمان جۆر
وتەی پیرەمێردێکم هاتەوە یاد لەپشت دیواری مزگەوت لەگەڵ هاوڕێیانی دامەی دەکرد گوتی:گەنجانی ئێستا باوکیان بۆتە تەلەفزیۆن ودایکیشیان سەتەلایت
کەوابێ هیچ ماوەیەک بۆ خوێندنەوە نامێنێت
کەسەیری کتێبەکانم دەکرد لە کتێبخانەی کۆلێژ زۆربەی عەرەبی بون سەرچاوە بەکوردی کەمە قوتابیانیش زۆری تەنها زمانی دایک دەزانن بۆتە هۆکارێک بۆ نەخوێندنەوەی کتێب لای قوتابیان خوێندنەوە گرنگە بۆ هەموو تاکێک بەتایبەت چینی قوتابیان کەوادەکات هەگبەیەکی پڕ لەزانیاری بۆخۆیان فەراهەم بکەن وئاستی ڕۆشەنبیریان بەرزبێتەوە بەمەش شارەزا دەبن چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا بکەن،جێگەیان لەدڵی خەڵکانی تر بکەنەوە
هۆکارێکی تریش کە ڕۆڵی هەیە لەدورکەوتنەوەی قوتابیان لە پەرتوک مامۆستا دەرسەکان وەک سێوێکی پاککراو دەداتە دەستی قوتابیان  ئەمانیش خۆیان ماندو ناکەن بەشوێن سەرچاوەکاندا بگەڕێن بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا
کتێبخانەش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ڕاکێشانی قوتابیان بۆ خوێندنەوە گەر باسی کتێبخانەی بەشەکەمان بکەم تابڵێی بچوکە هەروەها سەرچاوە کەمە
ئاخۆ هۆکاری چی بێت؟لەدەرەوە واتە لەبازاڕ وکتێبخانە ئەهلیەکان هەر سەرچاوەیەکت بوێت بەدەستت دەکەوێت بەڵام لەناو کۆلێژدا نیە
بەڕای من وام پێباشە چونکە کۆلێژەکەمان چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت هەریەک لەم بەشانە کتێبخانەیەکی بچوک بەخۆیان هەیە واباشە شوێنێکی بۆ دابنرێت هەر لەناو کۆلێژ هەمووی بکرێت بە کتێبخانەیەکی گەورەو مۆدێرن کە لەگەڵ ویستی قوتابیان بگونجێت ودابینکردنی هۆڵێکی گەورە بۆ خوێندنەوە بەگوێرەی ژمارەی قوتابیان وپاراستنی هێمنی تیادا بەمەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی قوتابیان وئاشتبونەوەیان بە خوێندنەوە  سیمایەکی جوان دەبەخشێت بە کتێبخانەو کۆلێژ بەگشتی.
...درێژە....